کۆبوونەوەی لوتکەی ئاشتی قاهیرە بەبێ ئەنجام کۆتایی هات

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و بەرپرسانی ئەوروپی لە قاهیرە، لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانی غەزە، بەبێ ئەنجام لەسەر ئاگربەست کۆتایی هات.

سەرکردە عەرەبییەکان هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەزە شەرمەزار کرد و نوێنەرانی ئەورووپاش جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی گیانی مەدەنییەکان کردەوە.

میسر، کە میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات، هیوای خواست نوێنەرانی وڵاتانی بەشداربوو جەخت لەسەر ئاشتی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین بکەنەوە، بەڵام سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو لەسەر بەیاننامەیەکی هاوبەش ڕازی نەبوون
هەندێک لە دیپلۆماتکارانی بیانی کە ئامادەی کۆبوونەوەی لوتکەی قاهیرە بوون بە ئاژانسی هەواڵدەری ڕۆیتەرزیان وت" گەشبین نین سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی وتووێژەکانی ئاشتی لە کاتێکدا ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەزە".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە کاتێکدا نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی سووربوون لەسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل، نوێنەرانی ئەوروپا هەڵوێستی نەرمیان هەبوو و جەختیان لەسەر پێویستی هاوکاری مرۆیی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی غەزە کردەوە.

وڵاتانی عەرەبی نیگەرانن لەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی هەمیشەیی غەزەییەکان لە ماڵەکانیان ئاوارە بکەن و تەنانەت بیانگوازنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، لە هەمان کاتدا فەڕەنسا داوای ڕێڕەوێکی مرۆیی کرد بۆ غەزە، بەریتانیا و ئەڵمانیا داوایان لە هێزەکانی ئیسرائیل کرد دانبەخۆدا بگرن و ئیتاڵیاش وتی گرنگە خۆی بەدووربگرێت لە زیادبوونی گرژییەکان.

وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نزیکترین هاوپەیمانی ئیسرائیل و یاریزانێکی گرنگە لە هەموو هەوڵەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا، تاکە باڵیۆزخانەی خۆی لە قاهیرە نارد بۆ کۆبوونەوەکە بەبێ ئەوەی هیچ وتارێک بدات.
 



AM:12:09:22/10/2023