ئیسرائیل: ئەگەر حزبوڵا لەگەڵ ئیسرائیل تێوەگلێت، هێرش دەکەینە سەر ئێران

وەزیری ئابووری ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێت لە ئەگەری دەستتێوەردانی حزبوڵا هێرشدەکات بۆسەر ئێران.

وەزیری ئابوری ئیسرائیل نیر بەرکات، بە رۆژنامەی(دەیلی مەیلی ) بەریتانی ڕاگەیاند" ئەگەر حزبوڵا بیەوێت لە بەرەی باکورەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا دەچینە سەر سەری مارەکە و بە هێرشکردنە سەر ئێران، ئایەتوڵڵاکان لەسەر ڕوخساری  زەوی دەسرینەوە ".

پنتاگۆن ڕایگەیاند، دوای دانوستانی ورد لەگەڵ جۆ بایدن سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لەلایەن ئێران و بریکارەکانییەوە، ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی پاتریۆت دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فەرمان بە هێزەکانی دەکات خۆیان بۆ جێگیرکردنیان بۆ ناوچەکە ئامادە بکەن ،ژمارەی ئەو هێزانە باس نەکراوە.

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر مزگەوتێکی شاری جێنین لە کەرتی ڕۆژئاوای غەزە ئەنجام دا و ڕایگەیاند" کە حەماس و جیهادی ئیسلامی ئەم مزگەوتە وەک ناوەندێکی فەرماندەیی بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان دژی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل بەکاردەهێنن".

بەپێی ڕاپۆرتی مانگی سووری فەلەستین، لەم هێرشە ئاسمانییەدا دوو کەس کوژراون.

لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل، شین بێت و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئەم مزگەوتە، تونێلە ژێرزەمینییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی کرانە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند: تیرۆریستانی ئەم مزگەوتە پلانی هێرشی نوێیان بۆ سەر ئیسرائیل دانابوو، هێزەکانی ئیسرائیلیش چەک و کەرەستەی تیرۆریستانیان لەم مزگەوتە دۆزیەوە..



AM:11:22:22/10/2023