نەرمین مەعروف: دەبێت ماددەی ١١ لە یاسای بودجەی عێراق هەمواربکرێتەوە

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی ڕایدەگەیەنێت" بۆ ناردنی بەشە پشکی هەرێم بە تەواوەتی و چارەسەر بوونی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان، دەبێت ماددەی ١١ لە یاسای بودجەی عێراق هەموار بکرێتەوە". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ماددەی ١١ تایبەت بە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق دەبێت هەمواربکرێتەوە، چونکە بە دەنگدان لەسەر هەمواری ئەم ماددەیە کۆت و بەندەکانی بەردەم بەشە پشکی هەرێم نامێنێت و کێشەی مووچەخۆران و دارایی هەرێم چارەسەر دەبێت". 

وتیشی" بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ئەوەی کە ماوەتەوە نزیکەی ٢٠ ترلیۆنە، بۆیە ئەمە کێشەیە، بۆ نموونە بۆ شەش مانگی ئەمساڵ ٨ ترلیۆنی نەداوە بە حکومەتی هەرێم وەکو ئەوەی لە بودجەیا ١٦ ترلیۆن و نیووە، بەڵکو ٢ ترلیۆن و نیویان حساب کردووە، چونکە کێشەکە دەربارەی خەرجی فعلیە و دەڵێت ئێمە بە فعلی ٤٧ ترلیۆنمان سەرف کردووە بۆیە لە دوای دەرکردنی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە، لەو ٤٧ەی کە سەرفکراوە بە فعلی ئینجا پشکی هەرێمی ١٢.٦٧ بدەین بە هەرێمی کوردستان". 

دەشڵێت" ئەوە ئێستا تەفاهومێکی باش هەیە بۆ ئەوەی تەقریبەن مەسەلەی هەمواری یاساکە پێویستییەکی حەتمییە. یان ئەوەتا دەبێت بە تەواوی بڕگەکە هەموار بکرێتەوە و دەستەواژەی خەرجی فعلی لاببرێت یان بەشێوەیەک هەموار بکرێتەوە کە ئەگەر ئەم دەستەواژەیە بشمێنێتەوە بەشێوەیەک بێت پەیوەندی نەبێت بە مووچەوە، واتە مووچەی هەرێمی کوردستان بهێنرێتە دەرەوە لەم هاوکێشەیە". 

بەشی زۆری پشکی هەرێم مانگانە بۆ مووچە دەڕوات کە نزیکەی ١٠ ترلیۆن دینارە لەو ١٦ ترلیۆن و نیوە، حکومەت دەڵێت ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ خەرجی ناوخۆ بەکاریدەهێنێت.


AM:11:30:25/10/2023