ئەنچیلۆتی لە یاری کلاسیکۆ شۆکێک بۆ مۆدریچ ئامادە دەکات

 ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا شۆکێکی چاوەڕوانکراوی کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدریدی بۆ لۆکا مۆدریچی یاریزانی کرواتی ئاشکرا کرد، پێش یارییەکەی کلاسیکۆ بەرامبەر بەرشەلۆنەی ڕکابەری تەقلیدی، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، لە گەڕی 11ی خولی ئیسپانیا .

 بەگوێرەی ڕۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی، ئەنچیلۆتی ڕۆژی شەممەی داهاتوو مۆدریچ ناخاتە پێکهاتەی سەرەکی بۆ  کلاسیکۆ، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2012 پەیوەندی بە یانەی مێرێنگەوە کردووە.

 مۆدریچ لەو کاتەوەی پەیوەندی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە کردووە، 31 یاری فەرمی بەرامبەر بەرشەلۆنە ئەنجامداوە، 13 سەرکەوتن و 5 یەکسانبوون و 13 دۆڕانی بەدەستهێناوە، گۆڵێکی تۆمارکردووە و 3 ئەسیستیشی پێشکەشکردووە.

 ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە مۆدریچ ئەگەر ڕۆژی شەممە لە مۆنتخویک یاری بکات، دەگاتە ٥٠٠هەمین یاری خۆی  لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید.

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مۆدریچ بۆ یەکەمجار لە یاری کلاسیکۆ لەسەر کورسی یەدەگ ئامادە دەبێت لەکاتێکدا هیچ پێکانێکی نییە، چونکە هەرگیز هەستێکی لەو شێوەیەی بەسەردا نەهاتووە.


PM:12:19:26/10/2023