سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: نرخی نەوتی سپی ماڵان دادەبەزێت

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئازاد محەمەد ئەمین، ڕایگەیاند" پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕِدا هەبووە و لە ئێستادا نرخی یەك بەرمیل نەوت لەنێوان ١٦٥ بۆ ١٧٠ هەزار دیناردایە و بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نرخەكەی دابەزیووە".

ئازاد محەمەد ئەمین وتی" لە ئێستادا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتی بۆ ناوچە شاخاوییەكان دابینكردووە و دەستكراوە بە دابەشكردنی و دواتر لەناو سەنتەری شار دەستدەكرێت بە دابەشكردنی نەوتی سپی و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت هەموو خێزانێك یەك بەرمیل نەوتی پێبدرێت". 

هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی" وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕیووە كە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان بە هەمان نرخ دابینبكات و بەوەش كاریگەریی زیاتری لەسەر دابەزینی نرخەكەی لە بازاڕدا دەبێت".


بەپێی ئامارێکی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، لە ماوەی ١٠ رۆژدا ٧٣ ملیۆن و ٤٤٨ هەزار و ٦٢٢ لیتر نەوتی سپی دابینکراوە و بڕی ٤٠ ملیۆن و ٧٨٧ هەزار لیتر لە ناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە. 






PM:02:27:27/10/2023