نەتانیاهۆ: ئۆپراسیۆنی بەردەوام لە غەزە قۆناغی دووەمی شەڕەکەیە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت" ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەردەوام لە غەزە قۆناغی دووەمی شەڕەکەیە و ئامانجەکانی زۆر ڕوونە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی زیاتر چوونەتە ناو غەزە، بۆ لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوە.

پەیامنێری بی بی سی بڵاویکردەوە" هێزەکانی ئیسرائیل دەڵێن چوونەتە ناو بەشی باکووری کەرتی غەزە و پێدەچێت لەوێوە پاڵ بە باشوورەوە بنێن".

سوپای ئیسرائیل بۆ جارێکی تر داوای کرد کە خەڵکی سڤیل لە باکووری غەزەوە بچنە باشوور بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان. ئیسرائیل شاری غەززەی بە "سەنگەر" ناوبردووە.

سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە" ئامانجەکانی وڵاتەکە ێویستی بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی هەیە و باشترین سەرباز و فەرماندەکانی وڵاتەکە ئێستا لە غەززەدان".

دوایین ئاماری دەسەڵاتدارانی پزیشکی لە غەزە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ منداڵ لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە کوژراون.

لە ئێوارەی دوێنێوە تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی غەزە پچڕاون و ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی زانیاری لە غەزەوە بۆ دەرەوە.



PM:10:35:28/10/2023