شارەوانی سلێمانی هاووڵاتیان لە کڕینی زەوی فۆرم ئاگادار دەکاتەوە

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی هۆشداری دەدات لە مامەڵەکردن بەو زەوییانەی فۆرمیان هەیە، بەڵام تۆمار نەکراون و دەڵێت: "ئێمە بەرپرس نین لەو زیانانەی بەر هاووڵاتییان دەکەون".

ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاگادارییەکی دەربارەی کڕین و فرۆشتنی زەوی فۆرم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە پای خەمخۆریمان لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان، ئاگاداریان دەکەینەوە شارەوانیمان بەرپرس نییە لە هەر زەرەر و زیانێکیان بەر بکەوێت لە مامەڵەکردن بە کڕین و فرۆشتنی ئەو زەوییانەی فۆرمن و تۆمار نەکراون".

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی باسی لەوەشکرد، دەبێت هاووڵاتییان پێش مامەڵەکردن دڵنیا ببنەوە لەوەی کە زەوییەکان ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکانی تەواوکردبێت.

ڕوونیشیکردەوە، ڕۆژانە بە بەردەوامیی هاووڵاتییەکی زۆر پرسیاریان لەو بارەیەوە ئاڕاستە دەکەن، بۆیە ئەم ڕوونکردنەوەیەیان داوە.



PM:02:49:30/10/2023