ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی ڕاگەیەندرا

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" حزبەکەی سبەینێ سێشەممە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام دەدات و باس له‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و گرفت ده‌كرێت". 

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وتەبێژی یەکێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ شاری هه‌ولێر رایگه‌یاند" سبه‌ینێ سێشەممە له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆده‌بینه‌وه‌، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش یه‌كده‌نگی كورد ده‌بێت له‌ به‌غداد".

وتیشی" ​​ئێمە هاوکاری یەکتری دەکەین، چونکە گەیشتن بە سەقامگیری کارێکی قورسە بۆ هەردوولا، بۆیە یەکەم کاری یەکخستنی ڕیزەکانی کوردە و لەگەڵ وەفدێکدا بچین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغداد کۆببینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان". 

سەعدی ئەحمەد پیرە دەشڵێت" سبەینێ لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی پێنجەم دەکرێت، هەروەها باس لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەکرێت، جگە لەوەی باس لە کێشە ئەمنییەکان دەکەین، هاوکات باس لەو سنوورانەش دەکرێت کە پێشێل دەکرێن و چارەسەرەکانیش باس دەکرێن بۆ ئەم گرفتانە و کێشەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان و پێشمەرگە گفتوگۆ دەکرێت و کۆچی گەنجان یەکێکی دیکە دەبێت لەو کێشانەی لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ باس دەکرێن".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەعدی پیرە وتی" بەداخەوە نەمانتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا یەک لیستمان بۆ بێتە پێشەوە و لیستی جیاواز هەیە، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان، یەکێتی ئامادەیە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان کاندید بکات". 


PM:10:20:06/11/2023