کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە شەڕی غەزە

لە هەمان کاتدا کە بارودۆخی مرۆیی لە غەزە خراپتر بوو و قەیرانی بارمتەکان بەردەوام بوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕێگاکانی ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس. لە هەمان کاتیشدا هێرشەکانی میلیشیا ناوچەییەکان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام بوو.

تێدرۆس ئەدهانۆم، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕۆژی هەینی ١٩ی ئەم مانگە لەم دیدارەدا، بە ئاماژەدان بە خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە غەزە، وتی" هەر ١٠ خولەک جارێک منداڵێک لە غەزە دەکوژرێت".

ناوبراو هۆشداری دا سەبارەت بە ئەگەری تووشبوون بە پەتا لە غەزە و وتی: دوو لەسەر سێی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی لە غەزە لەکارکەوتوون و نەخۆشخانەکان هەندێک نەشتەرگەری بەبێ بێهۆشکردن ئەنجام دەدەن.

لە درێژەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە جۆ بایدن و سوڵتانی عومان باسیان لە گرنگی ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەزە و پاراستنی خەڵکی مەدەنی کردووە.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە بی بی سی وۆرلد-ی ڕاگەیاند" مبۆردومانەکانی ئیسرائیل کە تێیدا منداڵ و ژن و بەساڵاچوو دەکوژرێن، هیچ پاساو و شەرعیەتێکی نییە و پێویستە ئیسرائیل ئەو هێرشانە ڕابگرێت".

لە کاردانەوە بە لێدوانەکەی ماکرۆن، نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە حەماس بەرپرسیارە لە کوشتنی خەڵکی سڤیل لە غەزە و وتی"حەماس ئەو تاوانانەی ئەمڕۆ لە غەزە و سبەی لە پاریس و نیویۆرک و لە باقی جیهان ئەنجامی داوە دووبارە دەکاتەوە".


AM:10:04:11/11/2023