نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەزە بۆردوومان دەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند" نووسینگەکەیان لە غەزە بۆردومان کراوە".  

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی تشرینی ٢٠٢٣ نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە لە شەودا یەکێک لە نووسینگەکانیان لە شاری غەزە بۆردومان کراوە و ئەوانەی لەوێ پەنایان بردووە کوژراو و برینداریش بوون.

ئاچیم شتاینەر، بەڕێوەبەری پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئەمە بە هەموو مانایەکەوە هەڵەیە".

نووسیویەتی "دەبێت هەمیشە خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بپارێزرێن و بەرگرییان هەبێت".

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە غەزە و گەمارۆدانی نەخۆشخانەکان بەهۆی پێکدادانەکانەوە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەزە ڕایگەیاند" کە هەموو نەخۆشخانەکانی باکووری غەزە لە خزمەتگوزاری دەرچوون و تەنیا نەخۆشخانەی باپتیست کە بە توانای سنووردار کاردەکات دەتوانێ خزمەتگوزاری بکات". 



AM:11:29:12/11/2023