له‌باره‌ی یاسای هەڵبژاردنی هه‌رێم سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیار ده‌دات
شارەزایەکی بواری هەڵبژاردنیش زانیاری گرنگ دەخاتەڕوو

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە دادگای فیدراڵی لەبارەی چەند ماددەیەکی ناو یاسای هەڵبژاردنی هەرێم کۆبێتەوە، ئەندامێکی دەستلەکارکێشاوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت" کۆمسیۆنی باڵای عێراق بڕیاریداوە، کار بە یاسای حزبەکانی هەرێم و یاسای حزبەکانی فیدڕاڵی بکات". 

سلێمان مستەفا شارەزای بواری هەڵبژاردن و ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێم، له‌ نوسینێكدا له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی دادگای فیدراڵی ڕایگەیاندووە" دوای چەندین دانیشتن و دادبینی و دواخستن، لەبارەی پرسی سکاڵای سەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (١٩٩٢)، ئایا دادگا بەیانی بڕیاری کۆتایی دەدات؟ ئایا چاوەڕێ چی دەکرێت؟ لە خوێندنەوەی پێشوومان بۆ دەرنجامی بڕیارە چاوەڕوانکراوەکە، چەند دەرنجامێک و لێکەوتەێکمان پێشبینی کرد، بۆیە ئەگەر بپرسین بڕیاری کۆتایی چی دەبێت، بە پشت بەستن بە دەستور و یاسا و پەیرەوی ناوخۆ و پێشینەی بڕیارەکانی دادگای ئیتتحادی بێت، نابێت بڕیارەکانی دادگا ببنە هۆکاری پەکخستنی بەرێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن". 

سلێمان مستەفا دەشڵێت" ئەگەر دادگا بە هەر پێوەرێک و لێکدانەوەیەک بگاتە دەرنجامی ئەوەی کە  ماددەیەک یان زیاتر لە ماددەیەکی تانەلێدراوەکان پێچەوانەی دەستورە، ئەوا دەبێت حسابی ئەوە بکرێت پەکی پرۆسەکە نەکەوێت، هەروەها دەبێت دادگا بەشێک لە کاریگەریەکان بە خولی داهاتووی (شەشەم) پەرلەمانی کوردستان بسپێرێت لە رێگای هەموارکردنەوەی یاساکە". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی دەستور و یاسا و پەیرەوی ناوخۆش، دادگا دەسەڵاتی تەفسیری بۆ ماددەکان دەبێت ئەمەش تا ڕادەیەک نابێتە بەربەست لە بەردەم بەرێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە ئەگەر هەر بڕیارێک لەسەر پرسی کۆتای پێکهاتەکان، ئەوا پێکهاتەکان بەشداری و ململانێ و کێبرکێ لەسەر کورسیە گشتیەکان دەکەن، پرسی تۆماری دەنگدەرانیش لە رێگای یاسای کۆمسیۆنی ئیتتحادی و پەیرەوەکانی چارەکراوە. 

سلێمان مستەفا ڕاشیگەیاندووە" کۆمسیۆنی ئیتتحادی لە دوا راگەیاندنیدا بڕیاریداوە، کار بە یاسای حزبەکانی هەرێمی کوردستان و یاسای حزبەکانی ئیتحادی ژمارە (٣٦)ی ساڵی (٢٠١٥) بکات، پرسی یەک بازنە و فرە بازنەش دەکەوێتە بەردەم چەقۆی تەفسیری یاساکە لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ دەقە کۆنەکە". 


PM:04:44:18/11/2023