وتەبێژی یەکێتی: کۆبوونەوەکانمان بۆ چارەسەری کێشەکانە

وتەبێژی یەکێتی ئەمڕۆ رایگەیاند" کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ حزبەکان ئەنجامەکەی باش بووە و بۆ چارەسەری کێشەکانە"

پاش کۆبونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی لەگەڵ هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەگرتووی ئیسلامی، لەو بارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " لەکۆبونەوەکاندا باسمان لەوە کردووە هەموو توانای خۆمان بەکاربهێنین بۆ چارەسەرکردنی کێشەیی مووچە و قوتی هاوڵاتییان، بەتایبەت مامۆستایان کە ئێستا لە مانگرتندان و بەهۆیەوە خوێندنی خوێندکاران دوادەکەوێت، کەئەوانیش هەقی خۆیانە و بۆ بژێوی ژیان پێویستە هەقیان پێبدرێت".

وتەبێژی یەکێتی وتیشی " لەکۆبونەوە باسمان لە هەڵبژاردن کردووە کە پێویستە لەکاتی خۆیدا بکرێت و هاوکات دەسەڵاتەکان دەستاودەستیان پێبکرێت، ئەوەش باسکراوە کەپێویستە قەوارەی هەرێم بپارێزین و نارێکی و هەبوونی کیشە لەنێوماڵی کورد، کاریگەری لەسەر عیراقیش دەبێت، هاوکات باس لەوەشكراوە کە لەهەرێم هەوڵی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خەڵکەکەی خۆمان بدەین".

سەعدی پیرە سەبارەت بە هەڵبژاردن رایگەیاند" دەمانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد و پاک بەرێوە بچێت و دواتریش دەمانەوێت هەڵبژاردنی داهاتوو لەکاتی خۆیدا بکرێت، ترکمان لە کەرکوک و موسڵ و تەلەعفەر داوای کۆتا ناکات خێرە لە هەولێر داوای پێنج کورسی کۆتا دەکات بۆ پارتی".

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا کە تێگەیشتوین دەبێت لەگەڵ پارتی ناکۆکییەکانمان وەلابخەین.

 



PM:11:53:25/11/2023