مەسرور بارزانی: شاندی هەرێم گفتوگۆی باشیان کردووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" شاندەکەی هەرێم لەبارەی مووچە و بودجە گفتوگۆی باشیان کردووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی". 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی ئاسنی ڤان ستیل لە هەولێر ڕایگەیاند" شاندی هەرێم بە مەبەستی چارەسەرکردنی کۆمەڵێك لەو گرفتانەی هێشتا ماون، لە بەغدان، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگە چارەی گونجاو بۆ گرفتی بودجە و دواکەوتنی مووچە بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی". 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوێنێ شاندەکە گفتوگۆی باشیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە و ئەمڕۆش درێژەی ئەم گفتوگۆیانە دەبێت. 

وتیشی" تا ئێستا بەشێوەیەکی نەگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، پێویستە بەرپرسانی عێراق سود لە هەڵەکانی رابردویان وەربگرن".

دوێنێ شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی هەرێم گەیشتنە بەغدای پایتەخت له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق کۆبوونەوە کە پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێ کران. 


AM:10:49:28/11/2023