لەم ساڵدا ٧٢ حاڵەتی ئایدز لە هەرێم تۆمار کراوە


وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە رۆژی جیهانی ئایدزدا رایدەگەیەنێت " لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە هەرێمی کوردستان ٧٢ حاڵەتی ئایدز تۆمار کراوەن کە بەشی هەرەزۆریان هاوڵاتی بیانین"، ژمارەکەی لە پار بەرزتربۆتەوە.

لە راگەیاندنێکدا لە رۆژی جیهانی ئایدزدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، " لە ساڵی ٢٠٢٣دا تەنها ٧٢ حاڵەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتیانی بیانی و هاوڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە، تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت."

هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووە" لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردن دا ئەمساڵ ٢٠٢٣ لەماوەی دە مانگی ڕابردوو، نزیکەی ٥٩٨ هەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان و ڕاگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازیەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا".

ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی پار 
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندووە،"  ٥٣٨ هەزار ٢٠٦ پشكنینی ڤایرۆسی ئایدزیان كردووە، لە پارێزگای دهۆك ١٨٤ هەزار و 867 پشكنین، سلێمانی ٨١ هەزار و ٢٧٣  و هەولێر ٢٧٢ هەزار و ٦٦ پشكنین".

ناوبراو روونیكردۆتەوە، ٥٤ پشكنین ئەنجامەكەیان پۆزەتیڤ بوو، واتە كەسەكە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بوو كە ٤٠ كەسیان بیانین، چواریان كوردن و ١٠ كەسی دیكەش خەڵكی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.

لە جیهاندا نزیکەی ٤٠ ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش (ئەیدز HIV)یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس دەمرێت و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەبنە قوربانی، هەرچەندە تائێستا ئەیدز چارەسەری بنبڕکەری نیە، بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆسی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی نەخۆشیەکە تاڕادەیەک بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژیت ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئەیدزی ڕزگارکرد.



PM:11:36:01/12/2023