حزبی دیمۆکرات: ئێران بە کورد ناڕووخێت

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت " کە چارەسەکردنی پرسی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بە جیا دێتە ئاراوە و کۆماری ئیسلامیش بە کورد ناڕووخێت".

خالید عەزیری، وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند" چارەسەری کێشەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، لەناو ئەو بەشەدا دێتە ئاراوە و چارەسەری کێشەی کوردیش لە ئێران، لە چوارچێوەی ئێراندایە".


خالید عەزیزی دەڵێت" کە گەلانی ئێران پێکەوە دەتوانن چارەنووسی دەسەڵاتی وڵاتەکە یەکلابکەنەوە، نەك بە تەنها پێکهاتەیەك".

 دەڵێت" کۆماری ئیسلامی ئێران بە کورد ناڕووخێت، بەڵکو بە هەموو خەڵکی ئێران دەڕووخێت".

سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێرانیش کە داخستنی بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان لێکەوەتەوە، خالید عەزیزی ڕایگەیاند" تا ئەو جێیەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، ئێمە نەبووینەتە هۆکاری شکستی ڕێککەوتنەکانی نێوان تاران و بەغدا و هەولێر. شوێن و جێگا و ڕێگای خەباتی ئێمە نێوخۆی ئێران و نێوخۆی کوردستانی ئێرانە. ئەوەی کە ئێمە لە کوردستانی عێراقین لە مەجبوریدایە. ئەوە حەقیقەتێکی تاڵە کە لەناو کوردستانی ئێراندا نین".

وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند" لەو بڕوایەدام کە ئەمریکا نەیەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێستای ئێران بهێنیت و لە بری ئەوەش دەیەوێت لەگەڵی هەڵ بکات و ئەوەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕوودەدات، هەرگیز شەڕ نییە و هەوڵە بۆ یەکتر قەبوڵکردن".



PM:12:34:07/12/2023