حزبوڵا هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا دەکات

حزبوڵای عێراقی هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت" ئەو دەزگا ئەمنیانەی هاوکاری ئەمەریکا دەکەن، هاوبەشن لە تاوان". 

ئەبو عەلی عەسکەری، فەرماندەی باڵای حزبوڵڵای عێراقی رایگەیاند" ئەوەی لەماوەی رابردوودا بەرامبەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا کردوویانە تەنها سەرەتا بووە، لەمەودوا هێرشەکانیان بۆسەر ئەمەریکا فراوانتر و توندتر دەکەن''.

راشیگەیاند" ئەو کەسانەی بنکەکانی ئەمەریکا بە نێردەی دیپلۆماسی دادەنێن، ئەو کەسانەن دەیانەوێت پارێزگاری لە پۆست و بەرژوەندییەکانیان لە عێراق بکەن''.

هەروەها دەڵێت" ئەو دەزگا ئەمنیانەی هاوکاری ئەمەریکا دەکەن، هاوبەشن لە تاوان".

ئەمە لە کاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند" لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا تائێستا زیاتر لە ٧٠ جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا".



AM:11:13:10/12/2023