کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ هەڵوەشایەوە

بڕیار بوو سبەی سێشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ پەرلەمان کۆبێتەوە بەڵام کۆبوونەوەکە هەڵوەشایەوە و بەڕێوە ناچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" سبەی کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکرێت".

بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی ڕابردوو سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت کە بە پێی نەریتی سیاسی عێراق لە پێکهاتەی سوننەکان دەبێت، دواتر بڕیاردرا سبەی سێشەممە ١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەو بابەتە بەرێوەبچێت بەڵام، جارێتر کۆبوونەوەکە هەڵوەشایەوە.

لای خۆشیەوە سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە بەشێکە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمڕۆ لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" شەش بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەبوون، ئێستا کەم بوونەتەوە بۆ چوار بەربژێر و ناوەکانیان دراوەتە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی".
 
سەلام زوبەیدی ئاشکرایکرد کە ئەو چوار پەرلەمانتارەی بەربژێرن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بریتین لە سالم عیساوی، مەحموود مەشهەدانی، تەڵال زەوبەعی، شەعلان عەبدولجەبار.

لە ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتایی بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی، لە پەرلەمان هێنا، کە هاوکات سەرۆکی پەرلەمان بوو.



PM:02:15:11/12/2023