پارتی: لە ناوچە جێناکۆکەکانی موسڵ و دهۆک پارتی لە پێشە

پارتی رایگەیاندووە" لە ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردندا لە ناوچە جێناکۆکەکانی موسڵ و دهۆک پارتی لە پێشە".

لە دەنگدانی تایبەتدا کە دوینێ لە ١٥ پارێزگای عێراقدا ئەنجامدرا لەناویشیاندا ناوچە جێناکۆکەکان، ئەمڕۆ پارتی دەڵێت" لە ناوچە جیناکۆکەکانی موسڵ و دهۆک لیستی پارتی لەپێش هەموویانە". 

هەر دوینێش یەکێتی رایگەیاند" کە لە چەمچەماڵ و خانەقین و کەرکوک و گەرمیان زۆرترین دەنگی هێناوە". 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی زانیارییەکان کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی دەنگدانی تایبەت بەفەرمی راناگەیەندرێت و تێکەڵ بە ئەنجامی دەنگدانی گشتی دەکرێت و پێکەوە رادەگەیەندرێن.
 
دوینێ شەممە ١٦ی کانوونی یەکەم دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامدرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ دەنگدانی تایبەت و سبەی دووشەممەش دەنگدانی گشتی ئەنجامدەدرێت.



AM:09:37:17/12/2023