لەسەر پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی پارتی (١٥) سکاڵا تۆمار دەکات

بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ١٥ سکاڵامان لەسەر پێشێلکارییەکانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکردووە کە سکاڵامان لەسەر کەرکوکە". 

هاوار محەمەد بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکدا بە کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاند" لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کێشە و گرفتی زۆر هەبوون، بە تایبەتی لە ئامێرەکان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر کە بووە هۆی بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدان". 

وتیشی" وەک پارتی لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی (١٥) ساکاڵامان تۆمارکردووە، دوو سکاڵا لە سنووری پارێزگای دیالە، سێ سکاڵا لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بەو هۆیەی بەشێک لە هێزە میلیشیاکان لەو سنوورە دەستدرێژیانکردە سەر بریکار و کادیرەکانی ئێمە، هەروەها ١٠ سکاڵاشمان لە سنووری پارێزگای کەرکوک تۆمارکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا (٤٢) کورسی هەبوو ئێستا کراوە بە (٢٦) کورسی، هەروەها لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ژمارەی کورسییەکان لە (٤٢) کورسییەوە کراوە بە (١٦) کورسی بە کورسی کۆتاکانەوە، بۆیە ژمارەی کورسی هەموو لایەنەکان کەمیکردووە. 


PM:01:39:21/12/2023