حزبی شیوعی: دەرئەنجامی فرە لیستی بە زیان گەڕایەوە بۆ كەركوك

حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانی ئێمە نه‌بوایه‌ له‌ سنووری كه‌ركوك كورسیه‌ك بۆ نه‌یارانی كورد ده‌رۆیشت"، دەشڵێت" دەرئەنجامی فرە لیستی بە زیان گەڕایەوە بۆ كەركوك".

مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزگاکان و ئەنجامەکانى ئەو هەڵبژاردنە  بڵاوکردەوە و دەڵێت" لەکاتێکدا حزبی شیوعی کوردستان وەك پرسێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەیڕوانییە یەك لیستی حیزب و لایەنە كوردستانییەكان و لەو پێناوەدا ھەوڵ و كۆششیكی زۆریدا بۆ پێكھێنانی ئەو لیستە، بەڵام بەداخەوە ئەو ھەوڵانە لە بار بران، دواجار ئێمە وەك حیزبی شیوعی كوردستان ھاوپەیمانییەكمان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان کرد بەناوی (ھاوپەیمانی كەركوك ھێزو ئیرادەمانە بە ژمارە ١٤٢)". 

دەشڵێت" یەكێك لە ھۆكاری گرێدانی ئەو ھاوپەیمانییە نەفەوتان و دابەشبوونی دەنگەكانی كوردستانیانی شاری كەركوك بوو كە ئاكامەكەی بە زیان گەڕایەوە بۆ دۆزە ڕەواكانمان لەو بەشە هەرە گرنگەی نیشتیمان". 

مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی ڕاشیگەیاندووە" لێرەدا جێی خۆیەتی پیرۆزبای خۆمان بۆ سەركەوتنی لیستەكە ڕابگەینین و دەستخۆشی لە دەنگدەرانی لیستەكە و كاندیدی حیزبمان بكەین و ئەوەش ئاشكرابكەین بە دەنگەكانی حیزبمان و لایەنگرانمان و دەنگی كاندیدەكەمان، لیستەكە كاندیدێكی زیاتری سەرخست و ئەگینا ئەو كورسیەش بۆ نەیاران و ئەوانەی ناكۆكن لە بەرانبەر پرسی چارەنووسی گەلەكەمان و دیموكراسیەت". 

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەکە حزبی شیوعی کوردستان ڕەخنە لە كۆمسیونی باڵای ھەڵبژاردنەکانی دەگرێت و ئاماژە بەوەدەکات کە کێشەیان دروستكرد و بە ھۆكاری جیاواز كەم تەرخەم بوونە لە بەشداری خەڵك لە دەنگدان. 

رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکوک بەڕێوەچوو کە ١٦ ملیۆن و ١٥٨ هەزار و ٧٨٨ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. 

هەروەها بەپێی ئەنجامی بەرایی فەرمی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بێت، (ھاوپەیمانی كەركوك ھێز و ئیرادەمانە پینج کورسی و پارتی دوو کورسیان) لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوك بەدەستهێناوە.


PM:02:26:21/12/2023