بەرپرسێکی پارتی: کەمال کەرکوکی رێگربووە لە دروستکردنی یەک لیستی کورد لە کەرکوک

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کەمال کەرکوکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیانی حزبەکەی بە هۆکاری تێکدانی یەکڕیزی کورد و دروست نەبوونی یەک لیستی لەو پارێزگایە تۆمەتبار دەکات.

فەهمی فایەق، کارگێڕی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی و ١٠ کارگێڕ لق ئامادەبووین بۆ یەک لیستی حزبە کوردییەکان و یەکێتیش نەرمی نواند. ١٣ حزبی کوردستانیش ئامادەیی خۆیان بۆ یەک لیستی نیشاندا، گەر لیستەکە یەکێتی و پارتی پێکەوە تێدا بێت."

ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت "کەمال کەرکوکی حەزی بە یەک لیستی نەبوو، گوایە یەکێتی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ئەنجامداوە و دەنگ ناهێنێت. خوێندنەوەی بۆ ئەنجامەکان هەڵەبوو."

فەهمی فایەق لە ئەنجامی دەنگەکانی کورد لە کەرکوک نیگەرانە و دەڵێت، "گەر کورد یەک لیستی هەبووایە، ڕەنگە ٩ کورسیمان ببردایەتەوە. فرە لیستی و پەرتەوازەیی هەڵەیەکی گەورەبوو.هەڵەکەش لە کەمال کەرکوکی بوو، ئەگینا یەکێتی نەرمی نواند."

دەشڵێت، "کەمال کەرکوکی دەبووایە لەگەڵ یەکێتی گفتووگۆی بکردایە و دواتر بیگوتایە لەبەر ئەم هۆکارانە ناچینە لیستێکەوە لەگەڵیان، نەک بە بێ گفتووگۆ و دانیشتن یەک لیستی ڕەتبکاتەوە."

بەگوێرەی کارگێڕەکەی پارتی لە کەرکوک، مەکتەبی سیاسی پارتی ئێستا لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دەرەنجامەکان و وەرگرتنی سکاڵای"زۆری" کادیرانی.

کەمال کەرکوکی بە درێژایی ساڵانی رابردوو بە لێدوانە توندەکانی لەسەر یەکێتی هەمیشە رۆڵی هەبووە لە یەکنەخستنی هەڵوێستی کورد لە پارێزگای کەرکوک.



AM:12:08:23/12/2023