وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت" ڕووداوەکە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە".
یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمشەو دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" حکومەتی عێراق بەردەوامە لە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری نیشتمان و جێگریکردنی ئەرکانەکانی دەوڵەت و کارکردن بۆ پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکان".
دەشڵێت" هێزەکانی دەرچوو لە یاسا دەیانەوێت هێرش بکەنەسەر بنکە عێراقییەکان کە بەشێکیان پێکهاتوون لە سەرباز و راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان، وەک ئەوەی ئەمڕۆ رویدا لە رێگەی ناردنی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک کەس و پەکخستنی کارەکانی فڕۆکەخانە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی ئەم کارانە زیانگەیاندنە بە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، دوپاتی دەکەنەوە کە هێزە ئەمنییەکان بکەرانی ئەم رووداوە دەدۆزنەوە و رادەستی یاسایان دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كرایە ئامانج.