ڤیان سەبری: بە گوێرەی یاسای دارایی نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان دەگەڕێتەوە بەغدا

سه‌رۆكی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" بەگوێرەی یاسای دارایی پێویستە حکومەتی هەرێم نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات".

ڤیان سەبری،سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی عێراقی راگەیاند" ئەو شاندەی هەرێم کە لەم دواییانەدا سەردانی بەغدایان کرد، گفتوگۆی بابەتەکانی تایبەت بە خاڵە سنوورییەکان و ئەو بابەتانەی دیکەیان کردووە کە داهاتەکانیان بە بەشێک لە داهاتی نانەوتی هەژمار دەکرێن لە بودجەی عێراقدا''.

وتیشی" رێککەوتن لەسەر ئەم بابەتانە گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە داهاتە نانەوتییەکانی وەک داهاتی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و پاسپۆرت و کارتی نیشتیمانی و ئەوانی دیکە پێویستە هەموویان بچنە ناو یاسای داراییەوە، کە بەگوێرەی ئەم یاسایە پێوسیتە نیوەی داهاتەکان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی دەکەوێت بگەرێنێتەوە بۆ عێراق''.

ڤیان سەبری راشیگەیاندووە"هەوڵدەدەین لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بگەینە رێککەوتن".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" بودجەی ٢٠٢٤باشتر دەبێت لە بودجەی ئەم ساڵ، هەرچەندە هەندێک کۆسپ هەیە، لەوانە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، کە پێویستی بە هەندێک تێگەیشتن هەیە".



PM:01:41:26/12/2023