نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکرا

ڕوشەن فورات نەوەی شێخ سەعیدی پیران لە پارێزگای ئەرزڕوم لە باکوری کوردستان دەستگیرکرا، دواتر بە مەرجی ئەوە ئازادکرا کە دەبێت ھەموو ڕۆژێک ئاڵای تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاوبکاتەوە.

ئەنسار فورات ئامۆزا و پارێزەری روشەن فورات لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە" روشەن فورات نەوەی شێخ سەعیدی پیران ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە شارۆچکەی خنس سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکوری کوردستان، لەسەر چەند پۆستێکی لە سۆشیاڵ میدیا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکرا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، روشەن فورات ساڵی (٢٠١٦) لە سۆشیال میدیا وێنەی ئاڵای کوردستان و کۆنگرەی هەدەپەی بڵاوکردووەتەوە، بەهۆیەوە دەستگیرکراوە. 

ڕوشەن فورات بە پاساوی "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" رەوانەی دادگا کرا و دواتر بە دوو مەرج ئازادکرا کە دەبێت ڕوشەن ھەفتەی سێ ڕۆژ لە بنکەی پۆلیسی تورکیا ئامادەبێت و ئیمزا بکات و ھەموو ڕۆژێکیش ئاڵای تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی مانگێک بڵاوبکاتەوە. 


AM:09:11:29/12/2023