فراکسیۆنی پارتی: داوا لە سودانی دەکەین بەرامبەر بە گروپە لە یاسا دەرچوانە هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ئەو هێرشانەی کە لالەیەن میلیشیاکانی ئێران کرایە سەر هێزی پێشمەرگە لە هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەم هێرشانە پێشهاتەیەکی مەترسیدارە و قوبوڵ ناکرێت و دەڵێت" هێرشەکان ئاماژەیە بۆ لاوازییەکی گەورە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە لە مامەڵەکردنی جددی و یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا".

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپە میلیشیاکانی ئێران کرایە سەر خاکی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی لە هەولێر کردە ئامانج، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە" دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان، بە شتێکی قبوڵنەکراو و پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت، کە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و سەلامەتی هاوڵاتیانی دەکاتە ئامانج، هەروەها ئاماژەیە بۆ لاوازییەکی گەورە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە لە مامەڵەکردنی جددی و یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا، کە پاڵپشتی داراییان بۆ دابین دەکرێت و چەکدار دەکرێن لەلایەن ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت سەقامگیری لە عێراق هەبێت".

فراکسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت" داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، هەنگاوی خێرا و بەپەلە بگرێتەبەر، ئەو گرووپە لە یاسا دەرچوانە و ئەوانەی هاوکاریان دەکەن رابگرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، رووبەڕووی یاسایان بکاتەوە، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق بکات، و لێکۆڵینەوە بکات لە شوێنی ئاڕاسەتەکردنی ئەو فڕۆکە بۆمبڕێژکراوانە و شێوازی هاوردەکردنیان و ئەو لایەنانەی کە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەم فڕۆکانە پڕچەک دەکەن".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق هاتووە " ھەرێمی کوردستان بە سەرسەختی دەمێنێتەوە بەرامبەر بەو کەسانەی کە ھەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی دەدەن و مەترسی لەسەر سەلامەتی ھاووڵاتیانی دروست دەکەن و ئەم هەوڵە نائومێد و بەدبەختانە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ی پڕشکۆ سەرکەوتوو نابێت".

شەوی شەممە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام- هەولێر جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە. 




PM:03:07:01/01/2024