پەروەردەی سلێمانی ڕێکاری نوێ بۆ دەستپێکردنەوە بە پرۆسەی خوێندن ڕادەگەیەنێت

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، "بە كەمكردنەوەی بەشێكی وانەكان و درێژكردنەوەی كاتی خوێندن، دەكرێت ئەم دۆخە تێبپەڕێندرێت، هەوڵەكانمان بەشێوەیەكی گشتی بەردەوامن لەپێناو ئەوەی دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكرێتەوە." بەرامبەر ئەم لێدوانە مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند" ئەم جۆرە لێدوانانە بە نابەرپرسانە و ناڕاست دەزانین، بێبەرین لەهەموو کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە و بەهەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەرەی سلێمانی لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، "بەمەبەستی گۆڕانکاری لە پڕۆسەی خوێندن و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە هەوڵدەدرێت بەشێک لە وانەکان کەمبکرێتەوە و کاتی خوێندنیش درێژ بکرێتەوە، هەوڵەكانمان بەشێوەیەكی گشتی بەردەوامن لە پێناو ئەوەی دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكرێتەوە".

باسی لەوەشکرد، بەشێوەیەكی گشتی خوێندكارانی قۆناغی پۆلە كۆتاكان لە كۆی ٢١٩ قوتابخانە ١٥١ خوێندنگە دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن كردووە بە تایبەت پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەگەر پڕۆسەی خوێندنمان بەشێوەیەكی گشتی دەستپێكردەوە تەواوی پلانەكامان دەخەینە بەردەست وەزارەتی پەروەردە تا فەرمانێكی وەزاری پێدەربكات و ئێمەش ناهێڵین هیچ مافێكی خوێندنی خوێندكاران بفەوتێت و هەردوو وەرزی خوێندن دەخوێندرێت.

ئەنجومەنی ناڕازی سەرتاسەری مامۆستایان لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە " کەسێک بەناوی (م.عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی)، لە سێ لێدواندا، ئاماژە بەوە دەکات گوایە لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی کۆبوونەتەوەو هەردوولا پێیان باشە دەوام دەستپێبکاتەوە".

مامۆستایانی ناڕازی دەشڵێن" ئێمە وەکو ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی، لە کاتێکدا ئەم جۆرە لێدوانانە بە نابەرپرسانە و ناڕاست دەزانین، بێبەرین لەهەموو کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە و بەهەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە".

لە درێژەی وەڵامدانەوەکەیان مامۆستایانی ناڕازی جەخت دەکەنەوە کە
 بەردەوامدەبن لە بایکۆت و تا داواکارییەکانی ناو دوا یاداشتمان، کە لەسەر گڵکۆی شەهیدی قەڵەم و حەقبێژ مامۆستا هێرش خوێندرایەوە و ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە، خۆی لە پێنج خاڵی سەرەکیدا دەبینێتەوە، جێبەجێ نەکرێن، بەهیچ شێوەیەک بایکۆت ناشکێنین و دەرگای ناوەندەکانی خوێندن ناکەینەوە.





PM:05:28:02/01/2024