کار بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێت

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت" ئەوەش بۆ بەهێزکردنی داهاتی دارایی و پشتیوانیی گەنجینەی دەوڵەتە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ لەکاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاند" کار دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی دەروازەی باکوور( هەرێمی کوردستان)، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی داهاتی دارایی و پشتیوانیی گەنجینەی دەوڵەت."
 
حەیان عەبدولغەنی وتیشی" وەزارەتی نەوت لە ٢٠٢٣دا داهاتی دارایی زیاد کردووە، هیوادارین ئەم ساڵ زیاتری بکەن، هەوڵدەدەین پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەین، پلانی پێنج ساڵانە جێبەجێ بکەین، بۆئەوەی رۆژانە بە تێکڕا شەش ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکەین".
 
هەر لە قسەکانیدا، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند" لە کەرتی پاڵاوتن، بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، پلان هەیە بگەینە خودبژێوی و هاوردەکردن رابگرین، هەروەها سەرکەوتوو بووین لە بەهێزکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کردن لە گازی هاوەڵ، بەمدواییانە وەبەرەهێنانی گازیان لە کێڵگەکانی نەوت زیاد کردووە، ئەم ساڵ ٢٠٠ مەقمەقی دیکە زیاد دەکەین لە چوارچێوەی کارەکانی کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیاکانی نەوتی میسان و زیقار".
 
رۆژی ٢٥ی مانگی ئاداری ٢٠٢٣، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراو تا هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.
 



PM:07:34:03/01/2024