مامۆستایان یاداشتێکیان لەبارەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بڵاوکردەوە

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی یاداشتێكیان لەبارەی بایکۆت و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" تا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکەن دەرگای خوێندن ناکرێتەوە". 

ئەنجوومەنی سەتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی و به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌ کراوە تێیدا هاتووە" خوازیاری چارەسەركردنی گرفتەكان و بەدەستهێنانی مافەكانمانین تاكو بتوانین پێكەوە پرۆسەیەكی پەروەردەی تەندروست بخەینەوە سەرپێ، بەپێچەوانەشەوە لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەمان هیچ ڕێگایەكیترمان لەبەردەمدا نییە جگە لە درێژەدان بە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكانمان و هەموو ڕێكارێكی مەدەنی دەگرینەبەر بۆ داكۆكی لە مافەكانمان و بەرپرسیارێتی و لێكەوتەكانی بایكۆت و مانەوەی دەرگاكانی خوێندن بە داخراوی بۆ وەرزی دووەم لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە". 

دەقی یاداشتی ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: 

ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ماوەی نۆ ساڵە لە خەباتێکی مەدەنی بەرفراوانداین بۆ گێڕانەوەی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانمان، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی ئێمەیە ئەوەیە کە ئێوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی پەروردە زۆر بێباکانە مامەڵەتان لەگەڵ گرفت و مافەکانمان کردووە، لە کاتێکدا پرسی ماف و مووچە وەکو کێشەیەکی درێژخایەن لە ساڵی ٢٠١٤ وە تاوەکو ئێستا بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

لە دوای ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم له ٢٥ / ٣ / ٢٠٢٣ وە، بێ باکیتان زیاتر بووە و لە زۆر لێدوان و دیداری ڕۆژنامەوانی هەموو کێشەکانی پەیوەست بە مووچە و بودجە دەگێڕنەوە بۆ حکومەتی عێراقی.

ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی له ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ پرۆسەی پەروەردە، جارێکی تر حکومەتی هەرێم دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتی و بە نوسراوی فەرمی ئەو داواکارییانەی جێبەجێکردنیان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە دەخەینەوە بەردەستتان، بەو ئومێدەی بە زووترین کات جێبەجێبکرێن و پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە فەوتان ڕزگار بکرێت و بکەوێتە سەر ڕێگا دروستەکەی خۆی، چونکه دڵنیاتان دەکەینەوە تاکە رێگەی کردنەوەی دەرگاکانی ناوەندەکانی خوێندن بریتیە لە بەدەمەوەهاتن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان، کە بریتین لە:

١ــ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی.

٢ ــ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ

٣ ــ دیاری کردنی چارەنوسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەناوی پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرج نەکراوەکان لەمووچەکانمان بڕاوە .

٤ــ پێدانی مووچە کە له ٣٠ ڕۆژ جارێک تێنەپەڕێت .

٥ــ حکومەتی هەرێم ڕێگری نەکات لەوەی لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیدا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن بانکە حکومیەکانی حکومەتی عێراقەوە دابەشبکرێ.

لەکۆتاییدا، ئێمەخوازیاری چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەدەستهێنانی مافەکانمانین تاکو بتوانین پێکەوە پرۆسەیەکی پەروەردەی تەندروست بخەینەوە سەرپێ، بەپێچەوانەشەوە لەئەگەری وەڵام نەدانەوەمان هیچ ڕێگایەکیترمان لەبەردەمدا نیە جگە لە درێژەدان بە بایکۆت و ناڕەزایەتیەکانمان و هەموو ڕێکارێکی مەدەنی دەگرینەبەر بۆ داکۆکی لەمافەکانمان و بەرپرسیارێتی و لێکەوتەکانی بایکۆت و مانەوەی دەرگاکانی خوێندن بەداخراوی بۆ وەرزی دووەم لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەنجومەنێکی فراوانی نێوان شار و شارۆچکەکانە لە پێناو هەماهەنگی و بڕیاری پێکەوەیدا لە ٢٠١٦ دامەزراوە و نوێنەرایەتی شاروشارۆچکەکانی (پارێزگای سلێمانی ، پارێزگای هەڵەبجە ، ئیدارەی ڕاپەڕین ، ئیدارەی گەرمیان ، قەزای کۆیە) دەکات. 


PM:01:52:04/01/2024