روانگەی سوری: گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بنکەی هاوپەیمانانیان لە سوریا کردوەتە ئامانج

گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە دوو هێرشی جیادا بنکەی سەربازی هاوپەیمانانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ هەینی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤  روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" لە رێگەی سیستمی بەرگری ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، درۆنێک کە ئاراستەی بنکەی سەربازی شەدادی کرابوو، خراوەتە خوارەوە و  پێشبینی دەکەن ئەو درۆنەش لەلایەن گرووپەکانی بەرەی مقاومەی ئیسلامییەوە ئاراستەی ئەو بنکەیە کرابێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، درەنگانی شەوی پێنجشەممە گرووپە چەکدارەکانی مقاومەی ئیسلامی بنکەی عومەریان کە تایبەیە بە هێزەکانی هاوپەیمانان لە لە دێرزوور بۆردومانکردووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس بریندار بوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤  روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرایکرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران( مقاومەی ئیسلامی)، بە درۆن و ١١ مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر  بنکەیەکی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە کێڵگەی غازیی کۆنیکۆ لە دێرزوور.

لە بەرامبەریشدا،مقاوەمەی ئیسلامی لە بارەی ئەو هێرشانەی ئەنجامیانداوە دەڵێن" ئەو هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە و ئاماژەش بە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن".

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ١٩ی  تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە لە عێراق، ٧٥ جار بنکەکانی ‌هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیان لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا کردووەتە ئامانج.



PM:09:36:05/01/2024