شوان کەلاری: تا ئێستا یەک دینار لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئەوە دەخاتەڕوو کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدەدات و دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەدەن و ئاماژە بەوەش دەدات کە تا ئێستا یەک دینار لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەشتوونەتە ئەو راستییەی ئەوەی کە بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت ستەمە و بەڵێندراوە کە یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدەدات و دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەدەن و دواتر دەنێردرێت بۆ پەرلەمان".

شوان کەلاری دەڵیت" تا ئێستا یەک دینار لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، ئەوە پارەیەی کە نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا چەند قەرزێکە".

"ئەگەر یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربهێندرێت لە خەرجی راستەقینە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە، ئەو کاتە کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، ئیرادەیەکی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق هەیە بۆ ئەوەی بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکی سیاسی نەکرێت".( شوان کەلاری وتی).

ئەو ئەندام پارلەمانەی عێراق راشیگەیاند" یاسای بودجە بە رێكوپێکی جێبەجێ نەکرا، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کەوتە مانگی ١٢، سەرۆکوەزیرانی عێراق یاساکەی وەکو خۆی جێبەجێ نەکرد بۆ ئەوەی پارەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارنەهێندرێت".

شوان کەلاری ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن، هەروەها پێویستیشە لەسەریان لەگەڵ فراکسیۆنە عەرەبییەکان رێکبکەون بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بدەن.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وتیشی" شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، مووچە بە قەرز بۆ هەرێم بنێرێت، لەسەر ئەو پرسەش نەرمی نواندنێك هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بە هەموو پێوەرێک حکومەتی عێراق دەبێت ئەو قەرزە بنیرێت و ئەگەر نەینێرێت ستەمێکی گەورەیە، لە کاتێکدا بەڵێنیان داوە کە بینێرن".



AM:12:03:13/01/2024