حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئیدانەی هێرشی سەر هەولێر دەکەن

هەر یەک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرش بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە مەحکووم دەکەن و دەڵێن" ھەرێمی کوردستان یەکێک لە ئاوەدانترین کیانەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و بووەتە چقڵی چاوی رژیمی کۆماری ئیسلامی و ناحەزانی کورد".

هەر یەک لە حزبەکانی رۆژهەلاتی کوردستان،(حزبی دێموکرات، کۆمەڵی شوڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، رێکخراوی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران) سەبارەت بە هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر هەولێر لە راگەیاندنی جیاجیادا وێرای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم هێرشەی سپای پاسداران بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان مەحکووم دەکەن و بە "تیرۆریستی" ناوی دەبەن.

حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها لە راگەیەندنەکاندا نوسیویانە" ھەرێمی کوردستان یەکێک لە ئاوەدانترین کیانەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و بووەتە چقڵی چاوی رژیمی کۆماری ئیسلامی و ناحەزانی کورد و دڵنیاین که کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حزبە سیاسەکانی پاڵپشتی هەریمن و چارەنوسیان بۆ گرینگە". 

 
شەوی رابردوو چەند شوێنێکی سڤیل و مەدەنیی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرانە ئامانج و مووشەکباران کران و لە ئاکامی ئەم هێرشانە  ٥ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا وژمارەیەکیش بە سەختی برینداربوون، و زیانێکی زۆری مادیی بە هاوڵاتییانی نزیک لەو شوێنانە کەوتووە.



PM:07:17:16/01/2024