وادەی دەستپێکردنەوەی کەشی سارد و بەفربارین ڕاگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" ناوەراستی ھەفتەی ئایندە ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری دۆخێکی ناجێگیری کەشوھەواوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ناوەراستی ھەفتەی ئایندە بە دیاریکراوی لە رۆژی دووشەمەوە ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری دۆخێکی ناجێگیری کەشوھەوا کە لە ئەنجامی کاریگەری دوو نزمەپاڵەپەستۆ لە دەریای ناوەراست و سوور سەرھەڵ دەدات و تاوە بارانی پچر پچر بە رێژەی جیاواز لە ناوچەکاندا دەستپێدەکات و لە ناوچە شاخاوییەکان رێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت و ھەندێک کاتیش ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکە و بارینی تەرزە دەبێت لە کات و شوێنی جیاجیادا". 

ڕوونیشیکردەوە، بە چەند قۆناغێك ئەم ناسەقامگیریە تا ٢٦ی مانگ بەردەوامی دەبێت و پلەکانی گەرماش لەو ماوەیەدا کەمێک نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێ و تەنھا لە ناوچە شاخاویە بەرزەکان ئەگەری بارینی بەفر دەبێت. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕۆژی ٢٢ی مانگەوە چاوەروان دەکرێت نزمەپاڵەپەستۆیەکی ساردی جەمسەری گەشە بکات بەسەر وڵاتانی باکوری ئەوروپا و دواتر لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ی مانگ بەھۆی چالاکبوونی بەرزەپاڵەپەستۆیەکی بەھێز لەسەر ناوچەکانی باشوری رۆژئاوای ئەوروپا ئەگەر ھەیە ئەو نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەریە بە ئاراستەی رۆژھەڵاتی ئەوروپا جوڵە بکات و لە ٢٦ی مانگ پێشبینی دەکرێت بگاتە سەر وڵاتی تورکیا و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەراست. 

دەشڵێت" لە ئەنجامی ئەم نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەریە لە ٢٦ی مانگەوە دەردەکەوێت لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەھاتنی شەپۆلێکی چری بەفر و بارانبارین و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و چوونە نێو قۆناغی سەرما و سۆڵەی زستان کاریگەری ئەم شەپۆلەش بە بەفر و باران تا ٢٨ی مانگ بەردەوامی دەبێت پێشبینی بارینی بەفر لە سەرجەم ناوچە شاخاویەکان دەکرێت لەگەڵ ئەگەری دابەزینی بەفر بۆ سەنتەری شاری سلێمانی بە تایبەت لە رۆژانی ٢٧ و ٢٨ی مانگ و بەگشتی ئەو شوێن و شارانەی بەرزیان زیاترە لە ٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا کەش لەبارەبێت بۆ بارینی بەفر". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی مانەوە و جێگیربوونی بارستە ھەوا ساردەکە لەسەر ناوچەکانمان تا سەرەتاکانی مانگی داھاتوو پلەکانی گەرما بەنزمی دەمێنێتەوە و سەرماکە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوامی دەبێت و ئەگەر گۆرانکاریش روونەدات شەپۆلی دیکەی بەفربارین دەبێت لە سەرەتای مانگی داھاتوودا. 


AM:12:01:20/01/2024