هەپەگە له‌باره‌ی پێكدادانی نێوان گه‌ریلاكان و هێزه‌كانی زێره‌ڤانی هەڵوێستی ڕاگەیاند

هەپەگە له‌باره‌ی ڕووداوەکەی دوێنێی سنووری قەزای ئامێدی ڕایدەگەیەنێت" هێزه‌كانی پارتی بۆسەیان بۆ گەریلاکانى هەپەگە داناوە و بە چەکی قورس هێرشیکردووەتە سەریان

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنى هەپەگە، دواینیوەڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە" هێرشەکەى دوێنێی ئامێدی بە هاوبەشی پارتی و دەوڵەتى تورکیا ئەنجامدراوە، بە جۆرێک پارتی لە زه‌وییه‌وه‌ هێرشیکردوە و دەوڵەتى تورکیاش لە ئاسمانەوە بۆردومانی کردووە". 

ئەوەش هاتووە" هێرشەکەی دوێنێی ئامێدی کە زێرەڤانى هێرشیانکردە سەر گەریلا، کاتێک بووە دوو ئۆتۆمبێل کە گەریلای ئێمەی تێدا بووە لە سنوری ئامێدی لە شوێنێکەوە ویستویانە بۆ شوێنێکی دیکە بچن، بەڵام کەوتونەتە بۆسەیەکی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی و تەقیان لێکردوون، لەگەڵ هێرشەکە گەریلاکانیان لە ئۆتۆمبێلەکان دابه‌زیون و وەڵامی هێزه‌كانی پارتییان داوه‌ته‌وه‌ و بۆ ماوەیەک شەڕ بەردەوام بووه‌، لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا دوو گەریلا برینداربوون، پارتی لەو شەڕەدا چەکی قورسیشی لە دژی گەریلاکان بەکارهێناوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای هێرشەکەى هێزه‌كانی زێره‌ڤانی بۆسەر گەریلاکان تا کۆتایی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانى ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە، دواتریش گەریلاکان ئۆتۆمبێلەکان جێهێشتووه‌ و لە شوێنەکە دوركه‌وتونه‌ته‌وه‌ و چه‌ند خوله‌كێك دواتریش فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هه‌ردوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بۆردومانكردووە. 

ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڵاویکردەوە" گەریلاکانی پەکەکە نیوەڕۆی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ بە دەیان کیلۆمەتر دور لە سنوری تورکیا زێدەڕۆییان بۆسەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و بە موشەک هێرشیان کردوەتە سەر هەمان بازگە".


PM:04:05:25/01/2024