ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی دەخۆن

سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت" سبەینێ ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی دەخۆن، پێویستە تا ٨ی مانگی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت". 

حەسەن شێخانی سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە" سبەی دووشەممە ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەردەم سەرۆکی دادگای کەرکوک سوێندی یاسایی دەخۆن، پێشتر خۆیان دەھاتن بۆ ئەنجوومەن، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە ئێمە دەچینە بەردەمیان سوێندی یاسایی دەخۆین".

شێخانی وتیشی" سبەی تەنھا سوێندی یاسایی دەخۆین و بەپێی سیستەمی تازەش پێویستە پێش ٨ی٢ی٢٠٢٤ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، چونکە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە ماوەی ١٥ ڕۆژ پارێزگاری شار داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکات و لە ماوەی ئەو ١٥ ڕۆژەدا کۆبوونەوە بکرێت، بۆیە ھەشتی مانگی داھاتوو دوایین ڕۆژە بۆ ئەوەی کۆببینەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک سەرۆکی ئەنجوومەن و یەک جێگر و پارێزگار و دوو جێگر ھەڵبژێرن، بۆیە چاوەڕێی سەرووی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی رێنماییان پێ بدرێت چی بکرێت و چۆن ئەو کارانە چارەسەر بکرێت. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە بە تەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی کۆبوونەوە بکات، ئەگەر ڕاکان جبوری بێتە کۆبوونەوە ئەو بە تەمەنترین ئەندامە و ئەگەر ئەو بەشداری نەکات ئەندامێکی کوردە بە ناوی پەروین فاتیح سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات. 


PM:11:30:28/01/2024