بەرهەم ساڵح لە هەولێر و تورکیا چەند دیدارێک ساز دەکات

‌وێنە.. ئەرشیف

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کە ماوەیەکە هیچ تیشکی میدیای لەسەر نییە، لەم ماوەیەی دوایدا گەشتێکی بۆ تورکیا کردووەو لە هەولێریش لەگەڵ چەند بەرپرسێکی پارتیدا کۆبۆتەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) بەرهەم ساڵح ماوەیەک لەمەوپێش سەردانی تورکیای کردووە و لەگەڵ چەند گەورە بەرپرسێکی ئەو وڵاتەدا کۆبۆتەوەو لەسەر دۆخی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە.

لەو کۆبوونەوانەدا بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی( سپی ) حکومەتی ئاک پارتی زۆر نیگەرانە لە هەڵسوکەوتی یەکێتی و ئامادە نییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی دا ئاسایی بکاتەوە.

هەفتەی رابردووش بەرهەم ساڵح لە هەولێر بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بەسەرچوو ) کۆبۆتەوە.

لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی ماڵپەڕی سپی کەوتووە، بەرهەم ساڵح هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ مەسعود بارزانی بۆ ساز نەکراوە.

بابەتی گشتی کۆبوونەوەکان دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و ئەو شەڕەی غەزەو کاریگەری لەسەر ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو دوو بەرپرسەی پارتی باسیان لێوە کراوە. 

لەگەڵ ساڵی ٢٠٢١ ەوە دوای هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی عێراق بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتیدا پچڕابوو، بەو پێیەی پارتی بە ئاشکرا بۆ هەڵبژاردنەوەی سەرۆک کۆمار پشتگیری لەتیف رەشیدیان کرد. 




PM:08:27:03/02/2024