کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی ئەمەریکا، تەنها شیعە و دوو کورد لە دانیشتنەکەدا مانەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنە کوردیەکان و سونەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد، تەنها شیعە مانەوە، دوو پەرلەمانتاری کورد و سونەیەکیش وەدووی شیعەکان کەوتن.

پەرلەمانی عێراق لە بارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکاوە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریان سازکرد، ئەمەش دوای کۆکردنەوە واژووی ١٠٠ ئەندامی پەرلەمانەوە دێت کە زۆرینەیان شیعەبوون، هەموو زۆرینەی فراکسیۆنە کوردیەکان نەوەی نوێ، پارتی، یەکێتی، بایکۆتیان کرد، هەردوو پەرلەمانتار، سۆران عومەرو موسەنا ئەمین کە سەر بە کۆمەڵ و یەکگرتوون بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.

پەرلەمانتارانی شیعە دەیانەوێت لەم کۆبوونەوە راوێژکاریانەوە کار بکرێت لە کۆبوونەوەیەکی تردا یاسایەک دەربچێت کە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق دەربکرێن، چونکە بە بۆچوونی ئەوان ئەمەریکا سەروەری عێراق پێشێلکردووەو بۆتە مایەی تێکچوونی ئارامی.

فراکسیۆنە کوردیەکان دژی ئەم تێڕوانینەی شیعەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئارامی عێراق هێشتا مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی گەرەکە.

بە پێچەوانە فراکسیۆنە کوردیانەوە، هەردوو پەرلەمانتاری کۆمەڵ و یەکگرتوو، سۆران عومەر و موسەنا ئەمین دووی شیعە کەوتوون و بەبێ هیچ روونکردنەوەو راگەیاندنێکی رۆژنامەوانی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە. 





PM:08:35:10/02/2024