پەرلەمانتاری یەکگرتوو ئامانجی بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی هاوپەیمانان ئاشکرا دەکات

پەرلەمانتاری کورد دکتۆر موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کە لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی  عێراق کە تایبەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بوو،  بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند" بە دوو ئامانج بەشداریان لە دانیشتنەکە کردووە، یەکەم بۆ ڕێگری کردن لە پەرتەوازە نەبوونی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و دووهەمیش چۆڵنەکردنی ساحەی پەرلەمان بۆ کەسانێک کە دەیانەوێت پێکهاتەکان ڕاکێشنە شەڕێکەوە کە شەڕی عیراقیەکان نییە''.

دکتۆر موسەنا ئەمین ڕاگەیاند" پێمان باش بوو بەشێک لە کورد بەشدار بن، تا ئەو ڕایەی کورد هەیەتی بیگەیەنین بەم کۆبوونەوەیە، نابێت ساحەی پەرلەمان بەجێبهێڵین بۆ ئەو برادەرانە هەرچی بیانەوێت بیڵێن، نابێ دەرفەتێکیش دروستبکەین کە ڕق لە نێوان پێکهاتەکان دروست ببێت''.

وتیشی'' چونکە ئەم بابەتە بۆ بەشداربوانی کۆبوونەوەکە زۆر گرنگە، ئەگەر سبەی هەر بابەتێک هەبوو تایبەت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوانیش بایکۆتیان کرد ئەو کات چی بکەین؟"

" ئەوەی پێویست بوو کورد بە ئەوانی بڵێت وتمان، بە نموونە هەموو پێکهاتەکانی ناو حەشد دەبێت بە ئەمری سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بجوڵێنەوە، بەڵام پێم سەیرە هەندێک لە گروپە چەکدارەکان کرداری سەربازی وا دەکەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیدانەی دەکات، کەواتە بە بڕیاری کێ هەڵدەستن و دادەنیشن و ئەجێندای کێ جێبەجێدەکەن، ئایە گروپێکی چەکدار مافی ئەوەی هەیە کە ئێمە ڕاکێشێتە ناو شەڕێکەوە کە ئێمە دەنگمان لەسەر نەداوە؟"( ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتووی ئیسلامی وتی).

دکتۆر موسەنا جەختی لەوە کردەوە کە لە دانیشتنەکەی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی بەشدار کورد و سونەیان بە " خیانەتکار" لە پای بەشداری نەکردنیان تۆمەتبار کردوە، و بە ''خزمەت کردنی ئەجێندای بێگانەیان لە قەڵەمدا".

لە لایەکیترەوە کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە" ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە شێوازی گفتووگۆ لە نێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و ئەمەریکا چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە، درۆن و هێرشکردنە سەر یەک چارەسەر نییە، دەبێت بە گفتووگۆ چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە".

لە بەرامبەریشدا یادگار مەحموود پەرلەمانتاری پارتی، وتویەتی" بەشداری نەکردنمان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی گەلانی عێراقدایە، چونکە بە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ئەو نیمچە ئیستیقڕاریەتەی لە عێراق هەیە ئەویش نامێنیت، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێستادا پێویست و زەروریە".

دوێنێ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە بەشداری کەمتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار تایبەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامدرا، لە کۆی ٦٣ پەرلەمانتاری کورد، تەنها ٢ پەرلەمانتار(سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری و دکتۆر موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی) بەشداریان کرد.



PM:05:32:11/02/2024