وادەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ڕاگەیەنرا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند" لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داھاتوودا ھەمواری یاسای بودجە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پاشان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت".

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داھاتوودا ھەمواری یاسای بودجە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ گەیشتنیشی لیژنەکەیان وردبینی بۆ بڕگە و ماددە ھەموارکراوەکان دەکات و دواتر بۆ پەسەندکردنی دەخرێتە دەنگدانەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا حکومەتی فیدراڵی عێراق سەرقاڵی دوایین ڕێککارە ھونەرییەکانە بۆ ئامادەکردنی ھەمواری یاسای بودجە، کە تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت و شایستە داراییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی و چەند بابەتێکی دیکەی لەخۆگرتووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەکەیان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی کۆبوونەتەوە، بۆ دیاریکردنی خشتەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە بۆ ئەمساڵ و تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم یاساکەدان.


PM:06:31:14/02/2024