بەهۆی بارانبارینەوە ژووری ئۆپراسیۆنەکانی عێراق پێکهێنرا

بە بریاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ژووری ئۆپراسیۆنەکان لە سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق پێکهێنرا بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاولآتیان و سوود وەرگرتن لەو بارانە زۆرەی کە لە ئێستادا لە عێراق دەبارێت.

هەرچەندە سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشنە لە ئەڵمانیا، بەلام لەوێوە فەرمان دەردەکات بە پێکهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنەکان لە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی گیانی هاولآتیان و سوود وەرگرتن لەو بارانەی کە چەند رۆژە ناوچە جیاجیاکانی عێراقی بە چڕی گرتۆتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی لە بەغدای پایتەختی حکومەتی فیدراڵی عێراق زیاتر لە ٣٠ ملم باران باریووە، بەهۆی بارانبارین و ئەو لافاوەی لەشارەکانی کوردستانەوە بەرەو ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕوات، ئاوی رووبار و بەندا و گۆمەکان بەرزبۆتەوەو لەچەندان شوێن مەترسی لەسەر ژیان و ماڵوموڵکی هاوڵاتیان دروستکردووە.

ئەمشەویش باران بارین لە چەندان پارێزگای عێراق بەچڕی بەردەوامە، سادق عەتیە شارەزای کەشناسی رایگەیاند" بارانی بەلێزمە لە کەرکوک و شارەکانی ناوەراستی عێراق و کوردستان دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاو دەکرێت".

لە هەرێمی کوردستانیش دوو رۆژە بارانی بە لێزمە لە شوێنە جیاجیاکان دەبارێت، بەتایبەتی چەند ناوچەیەکی دەوری هەولێر و ناو هەولێر و ئیدارەی گەرمیان زەرەرو زیانی زۆری بە ماڵو موڵکی هاوڵاتیان گەیاندووە، لە هەولێریش لە دارەتوو بەهۆی هەورە برووسکەوە هاوڵاتییەکان گیانی لە دەستدا.  
 

AM:12:54:17/02/2024