محەمەد حاجی مەحمود: قبوڵکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی سیاسی كوردستان

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستانە و قبوڵكردنیشی لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی سیاسی كوردستان.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستان و مووچە بلاوکردەوە و تێیدا هاتووە" بڕیارەكەی دادگای بەغدا لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ لەسەر مووچە و بودجە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پەراوێزەكانی، بڕیارێكی سیاسی و پڕ لە رقوكینە بوو دژ بە هەرێمی كوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێم و گەلی كورد و دژی دیموكراسی و مافی كەمایەتی و دەستخستنە ناو دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستانە''.

ڕوونیشیکردەوە" کە دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانی كەمتر لە دەسەڵاتەكانی مەجلیسی تەشریعییەكەی بەعسی عێراق و مەنتیقەی حوكمی داناوە".

پێشی وایە کە " هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان خەنجەرێكی ژەهراویە لە پشتی كورد و قەوارەی سیاسی كوردستانی داوە و  هەڵوەشاندنەوەی ١١ كورسی پێكهاتەكان سەربڕینی دیموكراتی و مافی كەمایەتییەكانی كوردستانە".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت" ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە بەغدا، وشكردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێم و پاڕانەوە و دەستپانكردنەوەیە لە بەغدا و بە زەلیلی".

محەمەدی حاجی مەحمود ڕاشیگەیاند" بەهیچ شێوەیە ناونەهێنانی وەزارەتی دارایی هەرێم و هەر فەرمانگەیەكی هەرێم ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستانە، بۆیە قبوڵكردنی ئەم بڕیارە ناڕەوایە لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی سیاسی كوردستان".


AM:10:03:22/02/2024