نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە بارەی دیدار لەگەڵ رەیان کلدانی روونکردنەوە دەدات

ئەمڕۆ دوو شەممە وێنەی ژمارەیەک نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بڵاوبووە کە لەگەڵ رەیان کلدانی لە بەغدا کۆبوونەتەوە، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لەنێو سۆسیال میدیادا دروستکرد کە مامۆستایانی ناڕازی چ کارێکیان هەیە لەگەڵ سەرۆکی میلیشیایەکدا کە سەر بە ئێرانەو داواکراوە لەلایەن ئەمەریکا، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی، دڵشاد میرانی روونکردنەوە دەدات.

دڵشاد میرانی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە وەلآمی پرسیارێکی ماڵپەڕی سپی، سەبارەت بە دیدارەکەیان لەگەڵ ( رەیان کلدانی)، کە لێی دەپرسێت، ئایا ئیشی بزووتنەوەی مامۆستایانە کە بزووتنەوەیەکی جەماوەری سەر بەخۆیە ، سەردانی کەسایەتیکی ئاوا بکات ؟ لە کاتێکدا زۆر بە وازحی دیارە کە کلدانی پیاوی ئێرانە و دژی فیدراڵییە و داواکراوە لە لایەن ئیدارەی ئەمەریکییەوە لەسەر پیشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤ داواکراوە، دڵشاد میرانی دەڵێت" سەردانێک نەبووە بۆ بڵاوکردنەوەی لە سۆسیال میدیا و تەنیا بۆ سپاسگوزاری لە بەڕێزیان بووە لە هەمبەر ئەوەی کە بەدەم داواکارییەکانمان بووە و هاوکارمان بووە لە دەعواکانمان و، هاوکاربووە لەگەڵ مامۆستایان کە مووچە و قوتیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەفەوتێ".

لە وەڵامی پرسیارێکی تردا کە ئایا کلدانی رۆڵی ئەرێنی هەبووە لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان، دەڵێت" بە تەئکید کلدانی رۆڵی باشی هەبووە لە جێبەجێکردنی داواکانی مامۆستایاندا".

دڵشاد میرانی لە قسەکانیدا راشیگەیاند" ئێمە لە شوێنێکین کە گوێمان لێناگرن، ئێمە هەرکەسێک و لایەنێک گوێ لە داواکارییەکانمان بگرێت وکارەکانمان بۆ جێبەجێ بکات، گرنگە و پەیوەندی پێمانەوە نییە کە کێیە، لێرەدا تەنیا گەیشتن بە ئامانجەکانمان گرنگە".

لەلایەکی ترەوە، عوسمان گوڵپی، یەکێک لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی ناڕازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە نۆساڵی رابردوودا مامۆستایان و فەرمانبەران لە خەباتێکی فراواندا بوون و سەدان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، لەم پێناوەشدا ڕووبەڕووی سزادان و دەستگیرکردن و بریندار بوون و شەهیدبوون بوونەتەوە. ئەوەی کە خاوەنی ئەم خەباتە بەردەوامەیە خەڵکی قوربانیدەر و ماندووی ئەم خەباتە مەدەنییەیە، بۆیە هەر هەوڵێک بەئاراستەی بەلارێدابردنی ئەم خەباتە مەدەنییە دەبێتە خیانەت لە خەڵکی نارازی قوربانیدەر و نابێت ڕای گشتی نارازی بەلاڕێدابردن لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵبکەن."

رەیان کلدانی کەسێکی مەسیحی لە دەشتی موسڵ، ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ئێرانەوە میلیشیایەکی بەناوی " بابلیون " بۆ دروستکرا، لە ساڵانی دوایدا تۆمەتبار دەکرا بە پێشێلکردنی مافی مۆڤ و موڵکداگیرکردنی هاوڵاتیانی مەسیحی و هاوڵاتیانی دەشتی نەینەوا، هەروەها لە لەلایەن میدیا ئەمریکییەکانەوە تۆمەتبار دەکرا کە گوێی ئەو کەسانەی بڕیوە کە دەستگیری کردوون و لەلایەن ئەمەریکاشەوە لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە داواکراوە.

لەرووی سیاسیشەوە دۆستی قەیس خەزعەلییەو هیچیان بە ڕوایان بە مافی گەلی کورد نییە لە فیدراڵیدا.

جۆینی تێلیگرامی سپی بکە بۆ بیستنی دەقی قسەکانی دڵشاد میرانی نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی.



PM:09:03:26/02/2024