وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە چالاکیەکی هاوبەش لەگەڵ بەریتانیا، سزای بەسەر جێگری فەرماندەی هێزی سپای پاسدارانی ئێران و ئەندامی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی ئێرانی سەپاند.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بە هەماهەنگی بەریتانیا لە دژی جێگری فەرماندەی هێزی سپای پاسدارانی ئێران ( محمدرچا فلاح زاده) هەنگاوی ناوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە" هەروەها سزای بەسەر خاوەن و بەڕێوەبەری کەشتییەکدا دەسەپێنێت کە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی ئێرانی وفرۆشتنیان و پاڵپشتیکردنی گروپە چەکدارەکان و سوپای پاسداران بەکارهاتووە".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت داهاتی ئەم تۆڕە نایاساییانە ڕێگە بە کردەوە چەکدارییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێڕان دەدات، لەوانە "چەند هێرشی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی پێشکەوتوو".
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی وتی" ئەم کارەی ئەمڕۆ جەخت لەسەر ئیرادەی ئێمە دەکاتەوە بۆ بەئامانجگرتنی هەوڵەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و میلیشیاکانی بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا و دابینکردنی دارایی بۆ هێرشی زیاتر لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت" سپای پاسدارانی ئێران چەکی پێشکەوتووی بۆ میلیشیاکان دابین کردووە و ڕاهێنانی پێکردووە بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانە لە دژی کەشتییە بازرگانییەکان و ژێرخانی مەدەنی لە ناوچەکەدا".
وەزارەتەکە سزای بەسەر کۆمپانیای کاپ تیسدا سەپاندووە کە خاوەنی ئەو کەشتییەیە کە شتومەکی ئێرانی گواستووەتەوە و فرۆشتوویەتی بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی قودس و حوسییەکان.
لە دوای هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا جارێکی دیکە ئەنساروڵڵا ناسراو بە گرووپی حوسییەکان وەک گرووپێکی "تیرۆریستی نێودەوڵەتی" دەستنیشان دەکات.