واده‌ی‌ ناردنی‌ پاره‌كه‌ی‌ به‌غداد بۆ هه‌رێم راگەیەندرا

ئەندامێکی لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق ڕایدەگەیەنێت" له‌م هه‌فته‌یه‌دا مووچه‌ى مانگى دووی فەرمانبەران ڕه‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌كرێت". 

د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئازاری ٢٠٢٤ لە لێدوانێکدا به‌ ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ یه‌كێتی ڕاگەیاندووە" له‌م هه‌فته‌یه‌دا دارایی عیراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كات، لە ئێستاشدا لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌ زمانی عه‌ره‌بی ڕەوانەی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق کراوە". 

ڕاشیگەیاند" به‌ وته‌ی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عیراق ده‌توانرێت له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌ژماری بانكی بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بكرێته‌وه‌، پێویسته‌ بۆ مووچه‌ی مانگی ئادار سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌ژماری بانكییان له‌ یه‌كێك له‌ بانكه‌ حكومییه‌كانی عیراق هه‌بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دارایی عیراق سوود له‌ بایۆمه‌تری مووچه‌خۆران وه‌رده‌گرێت و بانكه‌ حكومییه‌كان به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌ستن".

د.نه‌رمین مه‌عروف ئاماژەی بەوەشکردووە، وه‌زیری دارایی عیراق پێشتر پێی ڕاگەیاندوون کە ئه‌و داتا و زانیارییانه‌ی هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی بایۆمه‌تری مووچه‌خۆراندا كۆیكردوونه‌ته‌وه‌، بۆ هه‌ژماری بانكی مووچه‌خۆران سوودیان لێ وه‌رده‌گرن. 


PM:01:41:09/03/2024