دەستپاکی عێراق بەدواداچوون بۆ سامانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات

دەستەی دەستپاکی عێراق دەیەوێت سەرپەرشتی دۆسێکانی دەستپاکی و ئاشکراکردنی سامانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بکات.

حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند" ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەویش بەو پێیەی کە دەستەی دەستپاکی فیدراڵی سەرپەرشتی سەرجەم پارێزگاکان و ئاشکراکردنی سامانی سەرجەم بەرپرسان و فەرمانبەرانی پلە باڵا دەکات".

وتیشی" یەکێک لە میکانیزمەکانی گەندەڵکاران بۆ بەفیڕۆدانی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان دەزگا چاودێرییەکان دروست دەکەن بۆ ئەوەی لە ڕێی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ یەکخستنی هەوڵەکانەوە، پارێزبەندی بۆ خۆیان زامن بکەن".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی دەیان داواکراو لە وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتیش تورکیا بەردەوامن.

حەیدەر حەنون ئاماژەشیدا بەوەی ١٠١ داواکراو بۆ تورکیا هەڵهاتوون و بەمزووانەش گەڕاندنەوەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دۆلار و نزیکەی ملیارێک دینار ڕادەگەیەنن کە بەمدواییە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق.


AM:11:40:10/03/2024