ئەنجوومەنى وەزیران مووچەى فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پرسی مووچەی فەرمانبەران و چەند تەوەرێکی دیکە تاوتوێ دەکات. 

بەپێى خشتەى کارى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران (ماوە بۆدرێژکراوە)، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە
 سەردانى شاندەکەى هەرێم بۆ ئەمریکا و کۆبونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە و ئەم تەوەرەى گفتوگۆش لەلایەن مەسرور بارزانیەوە دەخرێتەڕوو.

هەروەها لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى دەستەى دەستپاکى راپۆرتێکى تایبەت بە جێبەجێکردنى (ستراتیژى نیشتیمانى روبەڕوبونەوەى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان - عێراق) کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنەکەوە پەسەند کرابوو تاوتوێ دەکرێت. 

هەروەها بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پرسى مووچەى فەرمانبەرانی هەرێم و لەلایەن وەزیرى داراییەوە هەنگاو و رێکارەکانى ئەم دواییانەى وەزارەتەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخرێتەڕوو تایبەت بە مووچەى موچەخۆرانى هەرێم لە ژێر رۆشنایی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان.


AM:09:08:13/03/2024