پێشەوا هەورامی: دادگای فیدراڵی نایاسایی و نادەستورییە

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دادگای باڵای فیدڕاڵی بە "دادگای سەورەی بەعس" وەسف دەكات و ڕاگەیاند" دادگایەكی نادەستوورییە"، و دەڵێت"  ئەو پارەیی ناردویانە كەمی هەیە بۆ مووچە و مەسرور بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی لە پەیوەندیدایە بۆ ناردنی تەواوی مووچە و هەرێمی کوردستان خێری پێ ناکرێت".

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دادگای فیدڕاڵیی عێراق، دادگای سەورەی سەردەمی پێشوە و  لە ماوەی دوو ساڵدا هەشت بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە".

وتیشی" لە سایەی دادگای فیدڕاڵیدا هیچ بەهایەک بۆ دەستوور نەماوەتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا دادگاکە نایاسایی و نادەستورییە".

ئاماژەی بەوەشكرد ئێستا دادگای فیدڕاڵی وای لێهاتووە، كە خەریكە حوكمی هەموو عێراق دەكات و دەبێت لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە سنووری بۆ دابنرێت، و  هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر دادگاكە ئەوەیە، كە " ئێستا ئەو كاتەیە، كە دەبێت سنوور بۆ دادگاكە دابنرێت و ئێستا ئەو کاتەیە هەرێمی کوردستان ئارامی لێبڕاوە".

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتی" مووچە بووە بە حیكایەتێكی دوور و درێژ لەنێوان هەرێم و عێراق، كە هەردەم داواكاری دیكەیان هەیە لە هەرێم، هەرێمی كورد بە دیل نەگیراوە تا هەر مانگەی بڕێك پارە بنێریت، بۆیە ئەوانەی بەو جۆرە بەرامبەر بە هەرێم وەستاونەتەوە دەبێت باش بزانن لەوانە بەهێزتر نیین، كە بە تۆپ و تەیارە وەستاونەتەوە".

"چەند كەسێكی عەقڵیەت شۆڤێنی دەیانەوێت وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، چونكە هەرێم خێری پێ‌ ناكرێت".( پێشەوا هەورامی وتی).

ئاشكراشی كرد، ئەو پارەیی ناردویانە كەمی هەیە بۆ مووچە و مەسرور بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی لە پەیوەندیدایە بۆ ناردنی تەواوی مووچە و سەرۆك وەزیران لە هەوڵدایە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو كەموكوڕیەی هەیە پڕبكرێتەوە.

دەربارەی هەژماری من رایگەیاند" تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ هەزار فەرمانبەر هەژماری من-یان بۆكراوە و نیوەیان كارتیان بۆ گەڕاوەتەوە و ٥ بانك بەشدارن و بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت".

جەختیشی كردەوە، حكومەتی هەرێم پاشەكشە ناكات لە كارتی هەژماری من، چونكە سیستمەكەی زۆر لە عێراق پێشكەوتووترە.

پێشەوا هەورامی جەختیشی كردەوە، دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنی تەکنیکییەوە نییە.


PM:06:21:13/03/2024