گۆڕان کۆبوونەوەیەک لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەکات

بزووتنەوەی گۆڕان، بە هەردوو جڤاتەکەیەوە، نیشتمانی و گشتی ئەمڕۆ شەممە لەبارەی هەڵبژاردن و خۆئامادەکرنەوە بۆ ١٠ ی حوزەیران کە رۆژی دەنگدانە کۆبووەو خۆی ئامادە دەکات.

کۆبوونەوەکە کە عومەری سەید عەلی بەهۆی سەرقاڵیەوە بەشداری نەکردووە، لەلایەن مستەفای سەید قادرەوە بەڕێوەبراوە.

ئەو کۆبوونەوەیە کە زیاتر راوێژکاریی بووە، لەسەر چۆنێتی دەستنیشانکردنی کاندیدەکان و ژمارەیان لە پارێزگاکان وتوێژکراوە، لەبارەی ژمارەی کاندیدەکانەوە ئەو پێشنیارە زیاتر زۆرینەی بەشداربوانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵدا کە زیاتر لە ٧٠ کاندید بێت، نە ١٠٠ کاندید بێت، نە ژمارەیەکی کەمتر لەوە.

هەروەها جەختکراوەتەوە کە کاندیدەکان دەبێت کەسانی کوالێتی بن و لە هەر چوار پارێزگاکەش گۆڕان کاندیدیان دەبێت. 

هەرچەندە ناوی سەرۆکی لیستەکانی گۆڕان بۆ هەر چوار پارێزگاکە تا ئێستا دیاری نەکراوە، بەلآم تاوتوێی چەند ناوێک کراوەو جەختکراوەتەوە کە سەرۆکی لیستەکان دەبێت جێگای متمانەی بزووتنەوەکە بن.

تا هەفتەیەکی تر دەبێت هەموو لایەنەکان ناوی کاندیدەکانیان بە تەواوی ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن.

 



PM:08:29:16/03/2024