پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژێردرا

دوای دوو مانگ ئەمڕۆ پارێزگاری نوێی سەلاحەدین بە ١٣ دەنگ هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ دوای دوو مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، پارێزگاری نوێی هەڵبژارد.
 
لەمبارەوە کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کۆبووەوە و بە ١٣ دەنگ، بەدر مەحموود فەحلی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد". 
 
١٤ کەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین بەربژێرکردبوو، یەکێکیان پێش دەنگدانەکە کشایەوە و بەربژێرەکانی دیکە هیچ دەنگێکیان نەهێناوە. 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە ١٥ ئەندام پێکدێت، تەنیا یەک ئەندامی کوردە کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. 
 
ئێستا تەنیا هەردوو پارێزگاری کەرکوک و دیالە ماون هەڵبژێردرێن، بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە تائێستا پارێزگاری ئەو دوو پارێزگایە هەڵنەبژێردراون.

رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق بەڕێوەچوو.



PM:01:11:17/03/2024