نەوەی نوێ داوای یاسایی بۆ هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم تۆمار دەکات


نەوەی نوێ ئاشکرای دەکات هەر لایەنێک گرفت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستبکات، ئەمان لە دادگای فیدراڵی داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن.( بە ناراستەوخۆ ئاماژە بۆ پارتی دەکات).

لە راگەیاندنێکدا کە بەناوی ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە، هاتووە " ئەگەر گرفت بۆ هەڵبژاردن دروست بکرێت ئەوا لە هەفتەی داهاتوو وە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە کاربەرێکەرەی هەرێم چونکە هیچ شەرعیەتێکی نەماوە".

 ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ لە کۆتاییدا دەڵیت" لەگەڵ دۆستانمان و تەواوی لایەنە عێراقی و نێو دەوڵەتییەکان لە هەوڵی فشارەکان بەردەوام دەبین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هێنانە کایەی حکومەتێکی شەرعی لە هەرێمی کوردستان. 

هەرچەندە نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستان ئەنجامنەدراوە. سەرۆکی هەرێم تا ئێستا سێ جار رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، بەڵام سەرەتا یەکێتی و ئێستاش پارتی کێشە بۆ ئەنجامدانی دروستدەکات.



PM:03:23:20/03/2024