هۆکاری نەناردنی پارەی مووچەی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ڕاگەیەندرا

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە ژمارە و ناسنامەی کارمەندە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانێت". 

جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، لە لێدوانێکدا بە (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاندووە" حکومەتی هەرێم هەفتەی ڕابردوو کۆدی دامودەزگا ئەمنییەکانی ناردووە و عێراق مووچەی نەناردووە، عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە مووچە بدات و دواتر پەنجەمۆرەکان لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرانە بەراورد بکات کە لە دامودەزگا عێراقییەکانی وەکو ڕەگەزنامە تۆمارکراون". 

جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای هەندێک قسە کە پێیگەیشتووە گومانی هەیە گوایە دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم خەڵکانی ئێرانی و سوری و تورکی تێیاندا هەبێت و بەدوای ئەمەدا دەگەڕێت.

دەشڵێت" هەرێم دەڵێت بۆچی وەزارەتی دارایی عێراق بە کۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکات، کەچی داوای ناوی چواری کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم دەکات". 

وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا زیاتر (٦٠٠) ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم بە بیانووی نە ناردنی مووچەی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە خەرج نەکردووە.


AM:09:11:26/03/2024